زمانی دایک، کەسێتیمانە
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣
585
زمان چیدی نییە جگەلە شوناسی کەسێتیی نەتەوەییمان، ھەر ئەمەیە وەھادەکات زمان بە سەرەکیترین توخمی فەرھەنگی و کەلتووریی ھەر نەتەوەیەک پێناسبکرێت، پێچەوانەی ئەم دیدەش ئەوەیە کە زمان خۆی دەبێتە ھۆکاری لەناوچوون و توانەوەی شوناسەکە، بۆ نموونە لە مێژوودا ھەرکات خواستی توانەوەی نەتەوەیەک لە ئارادابووبێت، ئەوا لە رێگەی زمانەکەیەوە نەخشەی توانەوەی بۆ داڕێژراوە، گەلی کوردیش وەک ھەر نەتەوەیەکی دی کەوتووەتە بەر لێشاوی ھەڕەشەی دوژمنانی، بەڵام خۆشبەختانە ھەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی تا ھەنوکە نەگۆڕو بەردەوامبووە و بەھۆیەوە شوناسی میللەتەکەمان پارێزراو بووە.
ئاشکرایە؛ گرنگی شوناسی نەتەوەیی وایکردووە لە چەندین رووەوە لە زمان بکۆڵرێتەوەو ئەو ئەنجامە ھەڵبھێنجرێت کە زمان لەڕووی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و دەرووناسیی کۆمەڵایەتییەوە چ کاریگەرییەک لەسەر مرۆڤ دروستدەکات، ھەروەک توێژەرەکان زانستیانە سەلماندوویانە منداڵێک کە بە زمانی دایکی دەرفەتی خوێندن و تێگەییشتن لە دەوروبەری ھەبێت، لە داھاتوودا تێگەیشتنێکی تەندروستانەی بۆ جیھان دەبێت، ئەم بنەما زانستییە وەھایکردووە ئەمرۆ لە دونیادا گرنگی تەواو، تەنانەت لەنێو زمانە باڵاکانی وەک ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی، بە زمانی کەمینەکانیش بدرێت، ھەموو دەوڵەتە مۆدێڕنەکانی جیھانیش لەو راستییە زانستیە تێگەییشتوون، کە بێبەشکردنی ھاووڵاتی لەم مافە مرۆییە، مرۆڤ دووچاری کێشەی ناسینی دەروونی دەکاتەوە و سەرئەنجام مرۆڤی نەخۆش و ناتەندروستی لێدەکەوێتەوە، ھەربۆیە توێژەرە رۆژئاواییەکان وەک ئەنجامێکی زانستی، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە زمان مافێکی گرنگی مرۆییە.
ھەڵبەت لەڕووی سیاسیشەوە رۆژئاوا بەر لە رۆژھەڵات دانیان بەم مافەدا ناوەو قسەکردن و خوێندن بە مافی زمانی دایک دەزانن، لێرەدا گەر بڕوانینە وڵاتێکی وەک بەریتانیا زمانی نەتەوەکەی ئینگلیزییە و زمانی دەربڕینی زانستە، قسەکەرێکی وێڵزیی ھەم بە ئینگلیزی دەنووسێت، ھەمیش بە وێڵزی، لە کەنەدا و بەلجیکا و تەنانەت فەرانساش بەھەمان شێوە، بۆ نموونە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا فەرەنسییەکان، زمانی برۆتۆنی و کەمینەکانی دیکەیان بە کەمزانیوە، کەچی ئێستا لە دوورگەی کۆرس سیاسییەکانیان بە زمانی خۆیان دەدوێن و گوتارەکانیان پێشکەشدەکەن، ھەروەھا لە ھەندێ شوێنی رۆژھەڵاتیش بەھەمانشێوە مافی قسەکردن و نووسین و بیرکردنەوە بە زمانی دایک بە ھاووڵاتیانیان دراوە، بەمپێیە زمان شوناسی تاکەو روانگەکانی تاک لەڕووی بیرو ئەزموونەوە بۆ ناو کۆمەڵگە دەگوێزێتەوەو دەبێتە بنەمایەک بۆ خوێندنەوەیەکی ھاوبەشی مێژوو، پەروەردە، زانست، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، ھەروەک بێرگێر و لۆکمانیش ئەوەیان سەلماندووە کە زمان بەھۆی توانای بڕینی کات و شوێنەوە دەتوانێت ئێستاو مێژووی مرۆڤەکان پێکەوە ببەستێتەوەو ببێتە بنەمایەکی پێکھاتنی شوناسی نەتەوەیی.
پەیوەست بەم راستییە زانستییە، زمان بۆ زانست و پەروەردەو کەلتوور و کۆمەڵگە گرنگ و پڕ بایەخە و مرۆڤ لە رێگای زمانی دایکییەوە توانای دەربڕینی ھەست و بیروبۆچون و توانای فرەپەیوەندی ھەیەو دەبێت، ھەروەک فرۆید دەڵێت " مرۆڤ دەتوانێت لە رێگای زمانی دایکەوە بۆچوون و ھەستی راستەقینەی خۆی ھەمبەر بە جیھان دەرببڕێت"، لە جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤیشدا خوێندن بە زمانی دایک لە (ماددەی ٢) دا، بە مافیکی مرۆیی جەختیلێکراوەتەوە، ھەروەھا لە دەستوری ھەمیشەیی عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ زمانی کوردی بە زمانی فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلاییکراوەتەوە، بەمپێیە ئەگەر لەڕووی یاساییەوە ئاستەنگێکمان نەبێت، ئەوا لەڕووی کردارییەوە پێویستە پتر بایەخ بە زمانەکەمان بدەین و بیناسێنین، کە ئەمەش بەرلە ھەرشت لەڕێگەی بایەخدان بە زمانی دایک لەلایەن ھەردوو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەبێت، ھەروەک گرنگیدان بە دانانی فەرھەنگ، خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەو پەیمانگاو زانکۆکان و بایەخدان بە وەرگێڕان و ھاندان بۆ خوێندنەوەو نووسینی کوردی فەراھەمدەبێت.