بەرچاوڕوونی و ترس: سەرنجێک لە قسەکانی کاک شێخ جەعفەر !
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
3706
١) گفتوگۆی کوردسات لەتەک کاک شێخ جەعفەر( جێگری سەرۆکی ھەرێم و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیەکانی ینک) لە بنچینەدا بۆ رونکردنەوەی ھەڵوێستی یەکێتی و راگەیاندنی " توندی" ھەڵوێستی سیاسی یەکێتیە بەرامبەر روداوێکی دیاریکراو کە لە شاری ھەولێر رویداوە و بریتیە لە کوژرانی ئەفسەرێکی دەزگای زانیاری و دروستبونی گومان لەسەر چەن کەسێک کەسەر بە یەکێتی نیشتیمانین و حکومەتی (کاک مەسرور بارزانی) دەیەوێ بەپێی یاسا سزابدرێن.
٢) وەک دەرکەوت ئەم گفتوگۆیە ئامانجی خۆی لە ڕاگەیاندنی دیدو لێکدانەوەو سەنگەرگرتنی یەکێتی بەرامبەر پارتی و کابینەی کاک مەسرور بە باشی پێکاوە؛ بەوەدا کە کۆی میدیاکانی وڵات و لەوانیش گرنگتر مەکتەبی سیاسی پارتی ھێنایە قسە و لێکدانەوەو کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا...
٣) لەوانەیش گرنگتر قسەکانی جێگری سەرۆک کاردانەوەی خودی سەرۆکی ھەرێمی بەدوای خۆیدا ھێناو بەشێکی گرنگی لە کاتی دوایین بابەتی دیداری MERI نێوەندی خۆرھەڵاتی ناوەراست بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی) بۆ خۆی داگیر کردو، لەوێدا کاک نێچیروان بارزانی بە ستایڵە دبلۆماسیە ناسراوەکەی ھەوڵێکی ڕۆستەمیانەی دا تا لەو گرژیە کەمبکاتەوە کە لە نێوان دو حزبدا دروستبوەو، دوای جەختکردنەوەیەکی زۆر لەسەر " تەبایی" و "بەردەوامی" و پێویستی پەیوەندی ھەردو حزب؛ وەک گلەییەکی"برایانە" لە جێگرەکەی، رایگەیاند کە دەبو کاک جەعفەر ئەو قسانەی لە میدیاکان نەکردایە بەڵکو راستەوخۆ لەگەڵ خۆیدا بیخاتە بەر باس.
٤) بەدەر لە گرفت و ناکۆکی سیاسی ھەمیشەیی یان کاتی نێوان یەکێتی و پارتی، بەدەر لە ململانێی دەسەڵات لە نێوان دو حزب لە بەغداو لە کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی جومگە سیاسی و ئابوری و کارگێریەکان کە بناغە و سەرچاوەن بۆ قسەکانی کاک شێخ جەعفەر و بونەتە مایەی ترس و نیگەرانی کۆی خەلکی کوردستان لەوەی کە مەزەندەی ترازان و شەڕێکی نوێ بێتە ئاراوە، لێدوانەکانی جێگری سەرۆکی ھەرێم ھەڵگری چەند ئاماژەو راستی ترن کە واوەترن لە ناکۆکی سیاسی و کارگێری و دەتوانن بە زەقی بەرجەستەی ئەو واقعە سیاسی و کارگێریە ترسناکە بکەن کە لە ھەرێمدا بەرێوەدەچێت.
٥) گفتوگۆی کاک شێخ جەعفەر لە کوردسات، مەسەلەی ناکۆکیە سیاسیەکانی دو حزبی دەسەلاتداری تێپەراند کە بە راشکاویەکی زۆر جەریئانە، پەنجەی خستە سەر بابەتێکی "وجودی"، کە مەسەلەی ئیدارەدان و کارگێری وڵاتە و قوڵتر و رادیکاتر لە ھەر سیاسیەکی دەسەڵات ئەو مەسەلەیەی ئاشکراکرد کە ساڵەھای ساڵە کەسانی ئۆپۆزیسیۆن و نارازی و دلسۆزی ئەم وڵاتە باسی لێدەکەن و لە رێگای خەباتی مەدەنی و سیاسی و پەرلەمانی و میدیاییەوە جەختی لێدەکەنەوە، بەلام بێسود و بێئەنجام و بەدەستی بەتاڵ و بە دڵی شکاو ئیزندراون یا سەرکوتکراون.
٦) کاک جەعفەر زۆر بە راشکاوی و ڕوونی باس لەوە دەکات کە لەم وڵاتەدا ئەسڵەن مرۆڤ وەک مرۆڤ نرخی نیە، میللەت ھیچ نیە بەلایانەوە... ئەوەیان لا گرنگە چیان دەس ئەکەوێ و چۆن دەسەلات ئەپارێزن.. واتە دەسەلات ئاگای لە کەس نیە و ھەرکەسە خەریکی بەرژەوەندی خۆیەتی.. بە مانایاکی تر دەیەوێ بە ھەموان بڵێ کاتێک قیەم و مۆرالی سیاسی لە سەری سەرەوەی دەسەڵات نیە و، کەسانی پلەیەک خەریکی فرۆشتنی نەوت و سەروەتی ولاتن ئیتر دەبێ رودانی ھەر شتێک( لەوانەش شەڕو پێکادان) ئاسایی بێت، سەرنجراکێش ئەوەیە کە کاک شێخ بە گشتی لەسەر دەسەلات قسە ئەکات و پارتی و یەکێی جیا ناکاتەوە.
خۆی وتەنی:
٧) " ئەوەی کە من دەیبینم... ئەوەی کە وجودی نەبێ لە بەرنامەدا، لە مەبدەئی ئەمانەدا خەڵکە... پێویستی بە مناقشە نیە ئەوەی ئەمڕۆ ئەیبینی لە قیادەی کوردا.. ئەوەی کە وجودی نەبێ لە معادلات و بەرنامەدا میللەتە.. ئەوەی ئەیبینی لە قیادەی سیاسی ئەوەیە چەندیان دەست ئەکەوێ، چۆن دەسەڵاتەکە ئەپارێزن.. ئەو ئەوەی دەوێ.. میللەت چیە؟
نابینم شتێ ھەبێ لە ناخی ئەمانەدا، لە مەبدەئی ئەمانەدا، لە بەرنامەی ئەمانەدا پێی بڵێی میللەت... "( تکا دەکەم سەیری بەرنامەکەی بکەنەوە.
٨) چەن ساڵیکە ژمارەیەک لە زاناو بیرمەندانی جیھان ھۆشداری لەوە دەدەن کە سەرمایەداری ولیبرالیزمی نوێ( وەک قۆناغی ئێستای) لە قەیراندایە. ڕای ئەو زانایانە گەیشتۆتە ئەو رادەیەی کە پییان وایە لە ئاستی سیاسەتدا ھەلتۆقینی کەسانی وەک پۆتین و ئەردۆغان و ترامپ و ژیپینگ و بۆلسۆنارۆ و جۆنسۆن، سەرخان و توێکڵی سەرەوەی ئەو دۆخە ئابوریەیە کە لەم قۆناغە پڕ کێشەو بنبەستەدا کاپیتالیزمی مۆدێرن پێویستی پێیەتی و، بەناچار ئەم سیستمە پەنا بۆ کەسانێک دەبات کە نە بروایان بە مافی مرۆڤ و پرەنسیپە سەرەکیەکانی لیبرالیزمی کلاسیک ھەیە و نە ئامادەن مل بەو یاساو رێسایانە بدەن کە پرەنسیپە بنچینەییەکانی لیبرالیزم داوای دەکات و لەسەری دامەزراوەو جەختی لێدەکاتەوە...
ئەم قۆناغە لەسەرمایەداری کە بیرمەندێکی فەرەنسی ناوی ناوە " چاخی ھیچوپوچی"، لە چەن دیاردەیەکدا خۆی دەبینێتەوە کە بریتین لە : پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سوکایەتی بە کەمایەتیەکان، سپیکردنەوەی پارەو ھەلاتن لە باج و گومرگ، مافیاگەری و دژایەتی سیستمی دەولەت، بێبایەخکردنی یاساو پەرلەمان و سیستمی دادوەری، مۆنۆپۆلکردنی سەرمایە لە دەس گروپی بچوک، دانانی کەسانی عەقڵ مامناوەند بۆ کاری دەولەتی و پەراوێزخستنی کەسانی بەتواناو زیرەک،....
٩) ھەر لەو دیدەوە بیرمەندێکی تر پێی وایە ئەم قۆناغە لە شکستی لیبرالیزمی خۆرئاوایی ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە بە ھۆی فەوزای بیۆتەکنەلۆژی و چلێسی و بەرندەبونی سەرمایەدارە خاوەن دەسەلاتەکانەوە بێنرخبونی ئینسان بچێتە ئاستێکی تۆقێنەرترەوە، ئەو بیرمەندە کە کتێبەکانی بە ملیۆن ژمارەیان لێ فرۆشراوەو وەرگێردراوە لەسەر ئەو بۆچونەیە کە پێدەچێ قۆناغێک بێتە پێشەوە قڕکردن و فەوتاندنی ملیۆنی یان سەدان ھەزاری ئینسانەکان بە بەھانەی ئەوەی کە ئەو مرۆڤانە بێکارەن یان " ناپێویست" ن بۆ کۆمەڵ، فرێبدرێنە دەریاوە یاخود بەجۆری تر لەناو ببرێن... ( ھەراری لاپەرە)
١٠) لەو پێودانگەی سەرەوە بۆ دۆخی سەرمایەداری جیھانی و، بە پێی ئەو پەیوەندە توندەی دەسەلاتدارانی ھەرێم و بنەماڵە دەسرۆیشتوەکانی ھەیانە بە سەنتەرەکانی بڕیاری سیاسی لە پایتەختە ناودارەکانی جیھان و ناوچەکە، دەشێ بگەینە گومانێکی نزیک لە یەقین کە ئەو دۆخی پاتاڵکردنەی کۆمەڵی کوردستان و وەلکردنی میللەت و دەرکردنی لە " معادەلات" ی خزمەتگوزاری و چاکسازی دا،، ھەروەھا پێشبرکەو ماراسۆن بەدوای بەرژەوەندی شەخسی و بنەمالەیی و گروپیدا لەسەر بناخەی ھەبونی دەسەلاتێکی نیمچە شەرعی و بەدوور لە رەزامەندی خەڵک، رێک تەسلیمبونی پێشوەختەیە بە بەرنامەی کاپیتالیزمێکی درندەو فاشیستی و بان یاسایی کە شێخ جەعفەر وتەنی " ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نیە میللەت و خەلکە.
١١) دۆخی کوردستان بەدەر نیە لە دۆخی جیھانی و تاقمی دەسەلاتداری کورد غەریب نین بە سەنتەرە جۆراوجۆرەکانی بریار لە ئەمریکاو جیھانی خۆرئاوا... جیھانی خۆرئاواو ئەمریکاش بەدەر نین لە ئامێزگرتنی جۆرەھا نێوەندو سەنتەری ترسناکی دروستکردنی بریار بۆ ئامانجی شەیتانی و وەحشیانە.. دەکرێ ئەم دیدگایە توێژینەوەی زیاتری تیا بکرێت و وردتر لەم بابەتە بکۆلرێتەوە، بەلام ئەوەی روونەو ھەمو ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان(بە راستەقینەو نیمچە راستەقینەیەوە) سالەھایە باس لەم " بەئاژەڵکردن" و وەلکردنەی کۆمەڵگای ئینسانی کوردستان دەکەن و وەدەنگھاتنی یەکێک لە فیگەرە ھەرە سەرەکیەکانی دەسەلاتی کوردستان بۆ وتنی راستیەکان بەو زەقی و رەقیە، ددانپیانانی بەو راستیەی کە میللەت ھیچ حسابێکی بۆ ناکرێت و لە مەبدەئی دەسەلاتداران و بەرنامەیاندا نیە کە ئەسلەن بیریشی لێبکەنەوە، دەبێ بمانخاتە قۆناغێکی تری لێکدانەوە کە جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشو چ لە ئاستی بیرکردنەوەو چ لە ئاستی کردەی سیاسی..
من وەک خۆم سپاسگوزاری کاک شێخ جەعفەرم کە بەو زمانە راشکاو و روونە ئەو راستیانەی وت کە ساڵەھای ساڵە بە جۆر و شێوازو ستایلی جیاواز وتراون و جەختیان لێکراوەتەوە.