لەسادەترین لێکدانەوەو تێگەیشتندا بۆ ھاوکێشەی یەکلای کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق روونە یەکێتی بەھەر نرخێک بێت براوەی پڕۆسەکە و پارتیش بەھەر جۆرێک بێت بۆ جارێکی دیکە بەدەستی بەتاڵ  گەڕایەوە ھەولێر ، بۆ زۆرینەمان پرسیارە جەوھەرییەکە ئەوەیە بۆچی پارتی لەم پڕۆسەیەدا خۆی بەدۆڕاو نیشان نادات ! لەکاتێکدا بۆ دوو خولی سەرۆکایەتی کۆمار شکستی گەورەی بەرکەوتووە و نەیتوانی کاندیدەکانی بگەیەنێتە کۆشکی سەلام.

لەم خولەدا کابتنی سەرەکی کەشتیەکەی یەکێتی «بافڵ جەلال تاڵەبانی» سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کورستان بوو ھەر لەسەرەتای گێمەکەوە لە پرسی سەرۆک کۆماردا زۆر بەووریایی و سیاسەتێکی دووربینانە کەشتییەکەی بەرە ئامانجەکەی جوڵە پێکرد, ھەرچەندە کەم نەبوون ئاڵەنگاری و بەربەستەکان تەنانەت ھەندێک جار فشارو ھەڕەشەی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و نێوخۆیی دەگەیشتە ئاستێکی ئاڵۆزو بگرە مەترسیدار بەڵام کابتنی کەشتییەکە بەوپەڕی ئارامی و بێ گوێدانە فشارو ھەڕەشەو دەستێوەردانەکان بەردەوام بوو لە ئاراستەکردنی کەشتیەکەی بۆ گەیشن بەدواین خاڵی ئامانجەکەی لەکۆتایشدا ھەر ئەوەی کردوو شکستی بە کاندیدی پارتی ھێناو سەرکردەیەکی تەکنۆکرات و خاوەن ئەزمون و بیری تاڵەبانی کردە سەرۆک کۆماری عێراق کە ھیچ یەکێتییەک ھێندەی تاڵە مویەک گومانیان لە دڵسۆزییەکەی نییە بۆ  رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال کە ئەویش «د.لەتیف رەشید»ە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ، بەمەش کابتنی کەشتییەکە توانی زیرەکانە گرەوەکە بباتەوە و بەڕەکە لەژێر پێی رکابەرەکەی «پارتی» دەربھێنێت و پۆستی سەرۆک کۆمار لەم خولەشدا لەبەرژەوەندی حزبەکەی یەکلایی بکاتەوە، لە کاتێکدا لەسەرەتای ئەم کابینەیەی عێراق زۆرێک پێیان وابوو ئەم جارە ئەستەمە یەکێتی لەم دەست بادانەدا لە پارتی بباتەوە و سەرکەوتوو بێت.

 بۆ من وەک میدیاکارێک جێگەی تێڕامان بوو حزبێکی خاوەن ئەزموونی ٧٦ ساڵەی وەک پارتی دوای زیاتر لە ساڵێک لە ململانێ بۆ بەدەستھێنانی  پۆستی سەرۆک کۆمار و شکست ھێنانی دوو کاندیدی, ھێشتا خۆی بەبراوە بزانێت و خۆی بکات بە خاوەنی سەرۆک کۆماری ئێستا و تەنیا دڵی بەوەخۆش بێت و وانیشانی بدات رێگری کردووە کاندیدێکی یەکێتی پۆستەکە بۆجاری دووەم بەدەست بھێنێتەوە ، لەکاتێکدا بۆ یەکێتی ھیچ جیاوازییەکی نەبوو لەنێوان «د.بەرھەم ساڵەح  یان د.لەتیف رەشید» کامیان ببنە سەرۆک کۆمار چونکە جگە لە ناوەکانیان ھیچ جیاوازییەک لە پێناسەی یەکێتی بوونیاندا نییە، پارتی بەم گەمەی کە کردی وویستی وا نیشانی بدات کە توانای گۆڕینی ھاوکێشەکانی ھەیەو لە ئەنجامدا ئەگەر پێی چاک نەکرێت پێی تێک دەدرێت!

کەوابێت بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پڕۆسەیەدا خۆی بەدۆڕاو نیشان نادات! لەکاتێکدا بۆ دوو خولی سەرۆکایەتی کۆمار شکستی گەورە و کەمەر شکێنی بەرکەوتووە ، لە سادەترین وەڵامدا پارتی دوای چەندین رێکەوتن و پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی لە دیاترینیان ھاوپەیمانی سێ قۆڵی"سەدر,سونە,پارتی" ھێزی سەرکەوتنی کاندیدەکانی «ھۆشیار زێباری و رێبەر ئەحمەد»ی نەبوو ئیدی چۆن ھێزی ئەوەی ھەیە کاندیدێک لە دەرەوەی حزبەکەی بسەپێنێت بەتایبەت تێکۆشەرێکی دیاری لایەنی رکابەر ، کەواتە روونە ئەوەی روویدا وویست و خواستی لایەنەکانی دیکەی عێراق بوو نەک پارتی ، کە لەبەر ھەر ھۆکارێک بوبێت تەنانەت ئەگەر وەک کاردانەوەیەکیش بوبێت لە بەرامبەر خۆراگری و پێداگیرییە بەردەوامەکانی کابتنی کەشتییەکەی یەکێتی لە کۆتا ساتەکاندا ھەندێکیان پەیمانی خۆیان گۆڕی بەڵام نەک دژی یەکێتی بەڵکو ھەر لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بڕیاریاندا و وەک ھەمیشە لە پرسی سەرۆک کۆماردا پارتی ھیچی دەست نەکەوت و بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە ھەولێر, بەناچاریش بۆ شاردنەوەی شکستەکەی و راگرتنی سۆزی لایەنگرانی و ھێشتنەوەی دەرگایەک بۆ بەشداریکردنی لە کابینەکەی "محەمەد شیاع سودانی" خۆی بە دۆڕاو نیشان نادات و دوای ئەم ھەموو مێووژ تەڕبوونە ھێشتا دەیەوێت بڵێت بەھێزی ئەو سەرۆک کۆماری نوێ ھەڵبژێردرا, ئەرێ کەسێک نییە پێیان بڵێ ئەو ھێزە کاریگەرەتان بۆچی بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکانی خۆتان بەکار نەھێنا و لەدواین ساتدا کاندیدی دووەمیشتان دوای دڵنیابوونەوە لەسەرنەکەوتنی کشاندەوە.