ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دژی کۆمپانیا و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی چەکی ئێران، لیستێکی نوێی سزاکانی راگەیاند. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ بەرتەسککردنەوەی توانای سەربازی تاران و رێگریکردن لە گەیاندنی چەک بۆ گروپە تیرۆریستییەکان و روسیا دێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، سزای سەپاندووە بەسەر شەش کۆمپانیا و دوو کەسایەتی کە تۆمەتبارن بە دابینکردنی پارچەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای پێویست بۆ بەرنامەی درۆن و مووشەکی ئێران.

سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "گواستنەوەی درۆن و مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە و روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، مەترسییەکی جددی لەسەر خەڵکی مەدەنی و کارمەندانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان دروست کردووە."

بێسنت جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەی "لە بە ئامانجگرتنی ئەو کۆمپانیا و پیشەسازییە سەربازییانەی کە هاوکاری ئێران دەکەن و مووشەک و درۆن و چەکی دیکە دابین دەکەن، بەردەوام دەبێت."

بەپێی وردەکارییەکانی راگەیەندراوەکە، دوو کەس لەوانەی سزادراون هاوڵاتی ئێرانین، یەک کۆمپانیا سەر بە وڵاتی چینە و چوار کۆمپانیای دیکەش لە ئیمارات چالاکی دەکەن.