حەماس رایدەگەیەنێت پێشنیازی میسر بۆ ئاگربەست قبوڵدەکات
رەوەز
٢٩ی ئازاری ٢٠٢٥
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بزووتنەوەی حەماس پێشنیازێکی میسری سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە پەسەند کردووە کە ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئیسرائیلی و دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان بۆ ئاگربەستی درێژخایەن لەخۆ دەگرێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە کە ئەو پێشنیازەی میسر کە لەلایەن حەماسەوە پەسەند کراوە، هەمان ئەو پێشنیازەیە کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش ستیڤ وتیکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر خستبوویە روو.
بەپێی پێگە هەواڵییەکە، جگە لە ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئیسرائیلی، پێشنیازەکە رەنگە رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتە کوژراوەکانی ئیسرائیلیشی لەخۆ گرتبێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بە هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە و گوتوویەتی: "پێدەچێت ناتانیاهۆ دژی ئەو پێشنیازە هەڵوێستێکی توندی هەبێت."
هەرچەندە بڕیارە رۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوە سەبارەت بەم پێشنیازە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسە ئیسرائیلییەکە پێی وایە تا کۆتایی جەژنی ڕەمەزان هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە ئاگربەست نایەتە ئاراوە.
ماوەی ساڵێکە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
خەلیل ئەلحەیای سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، قبوڵکردنی پێشنیازی میسری بۆ ئاگربەست لە غەززە پشت ڕاست کردەوە و وتیشی، دوو رۆژ لەمەوبەر ئەو پێشنیازەمان لە نێوەندگرانی میسر و قەتەرەوە پێگەیشت و بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەمان لەگەڵدا کرد و پەسەندمان کرد، هیوادارین ئیسرائیل، رێگری لەم پێشنیازە نەکات، وتیشی دانانی چەک بۆ ئێمە هێڵی سورە.