رۆیتەرز ناوەڕۆکی نامەیەکی ئەوروپییەکان بۆ ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات
رەوەز
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٥
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز نامەیەکی ئاشکرا کرد کە لەم دواییانەدا لە لایەن سێ نێردەی ئەورووپاوە گەیاندرایە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا. لە نامەکەدا لایەنە ئەوروپییەکان هۆشداریان بەرانبەر بەروداوەکانی ئەمدواییەی سوریا داوە و وتویانە، ئەگەر روداوەکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن، رەنگە پشتیوانی نێودەوڵەتیی بۆ سوریا ببێت بە هەڵم.
لە نامەکەدا داواکراوە، هێزە ئەمنییەکان پاکبکرێنەوە لەو کەسانەی کە بەشداری کۆمەڵکوژییان کردووە لە کەناراوەکانی سوریا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا پشتڕاستی کردەوە، کە ئەوەی لە کەناراوەکانی سوریا ڕوویدا کردەوەگەلێکن کە شایەنی پشتگیری نین، داواش لە حکومەت دەکات لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەشێکبوون لەو دەستدرێژییە.
بە پێی ئاژانسی رۆیتەرز گرفتی بەردەم ئیدارەی نوێی سوریا ئەوەیە، پێش هەڵوەشاندنەوەی، حەیعەت تەحریر شام تەنها نزیکەی 20 هەزار چەکداری هەبوو، ئەمەش دەسەڵات ناچار دەکات بۆ زیادکردنی هێزەکانی، پشت بە هەزاران چەکداری دیکە ببەستێت، لەنێویاندا چەکدارانی بیانی و کوتلە توندڕەوەکان.
بەگوێرەی سەرچاوە دبلۆماسییەکان، رەنگە هەر کردەوەیەک لەدژی ئەو چەکدارە توندڕەوانە ببێتە هۆی گەڕانەوەی سوریا بۆ بازنەی توندوتیژی.