وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پارەی موچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و سبەینێش دەست بە دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دینار بۆ موچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماریی بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە، 13ی ئازار، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆران دەکەن و هەموو هەوڵێکیش دەدەن کە هەفتەی داهاتوو لیستی موچەی مانگی ئازار رەوانەی بەغدا بکەن.

وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، لەدوای 10ی هەموو مانگێک راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش لەم رۆژانەدا راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەکرێت، ئەوەش بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا.

موچەخۆرانی هەرێم بە ریزبەندی لە ساڵی رابردووەوە دوو مانگ موچەکانیان دواکەوتووە، لەکاتێکدا دەبوو مانگی یەکی ئەمساڵ موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو وەربگرن، بەڵام موچەی مانگی 1یان پێدرا و هێشتا چارەنووسی موچەی مانگی 12 دیاری نەکراوە. ئێستاش کە لە مانگی 3 دان، موچەی مانگی 2 وەردەگرن.