لە راگەیاندراوێکی گرنگدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی دەستوریی سوریا کۆمەڵێک بڕیاری چارەنووسسازی بۆ داهاتووی وڵاتەکە ئاشکرا کرد. بەپێی راگەیاندراوەکە، دەستوری نوێی سوریا چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
خاڵە سەرەکییەکان:
- ناوی فەرمی دەوڵەت: بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە کە ناوی "کۆماری عەرەبیی سوریا" وەکخۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک نایگرێتەوە.
- پاراستنی مافەکان: دەستور مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلانی سوریا دەپارێزێت بە یەکسانی
- سەرچاوەی یاساکان: راگەیەندرا کە ئاینی ئیسلام سەرچاوەی یاسادانانە لە وڵات
- سیستەمی سیاسی: جەخت لەسەر سیستەمی پەرلەمانی کراوەتەوە لەبری سیستەمی سەرۆکایەتی.
دەسەڵاتی دامەزراوەکان:
- ئەنجومەنی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانە و دەتوانێت سەرۆک کۆمار بگۆڕێت.
- پەرلەمان مافی دەرکردنی لێبوردنی گشتی هەیە.
- سەرۆک کۆماری وڵات دەسەڵاتی جێبەجێکردنە.
- راگەیاندنی باری نائاسایی تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماردایە.
- ماوەی قۆناغی راگوزەری بۆ جێبەجێکردنی دەستوور پێنج ساڵ دەبێت.
لیژنەی دەستوری ئاماژەی بەوەش کردووە کە رەشنووسی دەستوورەکەیان رادەستی "ئەحمەد شەرع"، سەرۆکی کاتی سوریا کردووە و واژۆی لەسەر کراوە.
هەڵوێستی دروزەکان:
لە ئاستێکی دیکەدا، رێبەری رۆحی دروزەکان رایگەیاند کە ئەوان هیچ جۆرە رێککەوتن یان سازانێکیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق (شام) نییە و وەک "حکومەتێکی توندڕەو" وەسفیان کرد کە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە داواکراوە. ئەو جەختی کردەوە کە پاراستنی بەرژەوەندی تایەفەکەیان لە پێشەنگی ئەولەویەتەکانیان دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدا دێت کە سوریا لە قۆناغێکی هەستیاری گواستنەوەی سیاسیدایە و هەموو لایەنەکان هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان لە داهاتووی وڵاتدا بچەسپێنن.