عیراق هۆکاری پیرۆزبایی نەکردن لە حکومەتی نوێی سوریا ئاشکرا دەکات
هەساو ئەمیر
١٧ی شوباتی ٢٠٢٥
وتەبێژی حکومەتی عیراق هۆکاری پیرۆزبایی نەکردن لە حکومەتی نوێی سوریا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، چاوەڕوانی سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریاین.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق باس لە هۆکاری پیرۆزبایی نەکردنی عیراق لە حکومەتی نوێی سوریا دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە، چاوەڕوانی سەردانی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریان بۆ عیراق و دەیانەوێت کۆببنەوە لەگەڵی و لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوانیان نوێ بکەنەوە.
ئەوەشی خستووەتە روو، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاندووە، کە بۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغداد، بانگهێشتی سوریاش دەکەن.
باسم عەوادی دەشڵێت، عیراق چاوەڕوانی ئەوەی کردووە کە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی نیگەرانییەکانیان بڕەوێننەوە و حکومەتی نوێی سوریاش بەشێکی دامەزراوە گرنگەکانی بونیاد بنێتەوە بۆئەوەی رۆڵی گونجاوی خۆیان بگێڕن، کە لەماوەی رابردوودا چەند بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە هەبوون.
وتەبێژی حکومەتی عیراق دەشڵێت، سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغداد بەمەبەستی گەیشتنە بە خاڵی لێکتێگەیشتنی گونجاو لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بۆئەوەی بە رێز و هەماهەنگییەوە پەیوەندییەکانیانی لەسەر بونیاد بنێن. هەروەها تیایدا چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیار باسدەکەن، کە هەردوو وڵاتەکە گرنگی تایبەتی پێدەدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەناو وڵاتانی عەرەبیدا تاوەکو ئێستا عیراق بەشێوەیەکی رەسمی پیرۆزبایی دامەزراندنی حکومەتی نوێی لە سوریا نەکردووە، کە ئەوەش مشتومڕی دروستکردووە.
مانگی 12ی ساڵی رابردوو، بە فەرمی رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا راگەیەنرا، کە بە رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، کۆتایی بە حکومی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.