وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، تاوتوێی چۆنێتی جێبەجێكردنی پلانەكەی ترەمپیان بۆ راگواستنی خەڵكی غەززە كرد و باسیان لە هەماهەنگی زیاتری سەربازی و دبلۆماسیکرد لە ئایندەدا.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە، لە دوای كۆبوونەوەیان لە تەلئەبیب لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایانگەیاند، تاوتوێی چۆنێتی جێبەجێكردنی پلانەكەی ترەمپیان بۆ راگواستنی خەڵكی غەززە كردوە، هاوكات، ناتانیاهۆ رایگەیاند، ئەگەر حەماس سەرجەم بارمتەكان ئازاد نەكات ئەوا لەگەڵ ترەمپ دەزانین چیدەکەین، دەرگای دۆزەخ بەروویاندا دەكەینەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش وتی، رێگا نادەن حەماس نە لە رووی سیاسی و نە سەربازی كەرتی غەززە بەرێوەببات، ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستە و هەرگیز رێگانادەن ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

رۆبیو جەختی لەوەشكردوە، واشنتۆن پشتیوانی لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز دەكات لە سوریا، بەو مەرجەی نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانی و ناوچەكە.

شەوی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە سەردانێك گەیشتە ئیسرائیل و دوای تەلئەبیب سەردانی سعودیە و ئیماراتیش دەكات بۆ تاوتوێكردنی پلانەكەی ترەمپ بۆ راگواستنی خەڵكی غەززە.