ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە دەڵێت، هەموو گەلانی سوریا سیستەمێكی فیدراڵیزمی هاوشێوەی بەڕیتانیایان دەوێت لە سوریا.

ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوە لە ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر دەكەن، بە راستی سەرۆك بێت و كار بۆ تەواوی گەلانی سوریا بكات.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو گروپە هاوپەیمانانەی توركیا كە هێرش دەكەنە سەر كوردانی سوریا، هاوبەشی ئەحمەد شەرعن و راگرتنی ئەو هێرشانە لە ئەستۆی ئەوە، هەرچەندە راگرتنی ئەو گروپانە بۆ ئەحمەد شەرع ئەركێكی سەختە.

ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەشدا، هەموو گەلانی سوریا داوای سیستەمێكی فیدراڵیزمی هاوشێوەی بەڕیتانیا لە سوریا دەكەن، كە سیستەمەكە بەپێی ناوچەكان بگۆڕێت، جەختیشیكردەوە، دەیانەوێت بەشێك بن لە كۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا، بەڵام ئەگەر بەشداری كۆنفرانسەكە نەكەن، پابەندی بڕیارەكانیشی نابن.