ئێران لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا و بۆ یەكەمجاریش لەدوای كەوتنی ئەسەدەوە پەیامی لە دیمەشقەوە پێگەیشتووە.

محەمەد رەزا شێبانی نوێنەری تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، تێڕوانینی تاران بۆ پێشهاتەكانی سوریا و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق، تێڕوانینێكی پێشوەختەیە بۆ داهاتوو.

وتیشی، بە وردی بەدواداچوون بۆ پێشهاتەكانی سووریا دەكەن و دژایەتی وڵاتەكەشی بۆ هەر دەستوەردانێكی دەرەكی لە سوریا دووپاتكردەوە، جەختیشیكردەوە، پەیامێكی نوێیان لە دیمەشقەوە پێگەیشتووە بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان.

ئێران كە هاوپەیمانێكی نزیكی بەشار ئەسەد بوو لە سوریا، لەدوای كەوتنییەوە لە 8ی كانوونی یەكەمی 2024، تاران هەموو جۆرە پەیوەندییەكی دیبلۆماسی لەگەل دیمەشقدا پچڕاندووە.