دژی رێگریی لە نیشتنەوەی فڕۆكەیەكی ئێران، لایەنگرانی حزبوڵا لە پایتەختی لوبنان خۆپیشاندانیان كرد و هێرشیشیانكردە سەر هێزەكانی ئاشتیپارێز.

شەوی هەینی لایەنگرانی حزبوڵای لوبنان لە نزیك فڕۆكەخانەی بەیروت دژی رێگریی  لە نیشتنەوەی فڕۆكەیەكی ئێران خۆپیشاندانیان كرد و خۆپیشاندانەكەش توندوتیژیی لێكەوتەوە. 

میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردوە لایەنگرانی حزبوڵا وەك پشتیوانیی لە ئێران رێگای سەرەكیی فڕۆكەخانەی بەیروتی پایتەختیان داخستوە و هێرشیانكردوەتە سەر ئۆتۆمبێلی هێزەكانی ئاشتی پارێز و سوتاندویانە و ئەندامێكی هێزەكە برینداربووە.

سەرۆك وەزیرانی لوبنان: ئیدانەی هێرشەكانی سەر هێزەكانی ئاشتی پارێز لە بەیروت كرد و سوپاسی رۆڵی ئەو هێزانەی كرد لە وڵاتەكەی.

لوبنان لەم هەفتەیەدا گەشتێكی ئاسمانی ئێرانی ڕاگرت دوای ئەوەی سوپای ئیسڕائیل تارانی تۆمەتبار كرد بە بەكارهێنانی فڕۆكەی مەدەنی بۆ گواستنەوەی پارە بە قاچاخ بۆ بەیروت تاوەكو حزبوڵا پڕچەك بكات.

ئێرانیش وەك كاردانەوەیەك بەو كارە ڕێگەی نەدا فڕۆكە لوبنانییەكان لە تاران بنیشنەوە كە بۆ گواستنەوەی ژمارەیەك هاوڵاتی لوبنانی گەشتیكردبوو.