واشنتن: ئامادەین بۆ وەرگرتنی هەر پێشنیازێكی عەرەبی سەبارەت بە غەززە
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەمریكا ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ وەرگرتنی هەر پێشنیازێكی عەرەبی سەبارەت بە داهاتووی غەززە و ئاوەدانكردنەوەی.
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بەو پێیەی زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لە نێویاندا وڵاتانی عەرەبی پێشنیازەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایان سەبارەت بە ئاوەداكردنەوەی كەرتی غەززە رەتكردەوە، لە ئێستادا واشنتنن ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پێشنیازی نوێ و باشتر سەبارەت بە داهاتووی ئەو كەرتە.
وتیشی، هیوادارن ئەوان بیرۆكەی باشیان هەبێت و جێگای سەرنجی تڕەمپ بێت.
رۆبیۆ راشیگەیاند، هەموو ئەو وڵاتانە باس لەوە دەكەن كە چەندە گرنگی بە فەڵەستینییەكان دەدەن، بەڵام هیچ كامیان ئامادەنین وەریانبگرن، هیچیشیان بۆ غەززە نەكردووە.
پیشتر، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو دانیشتوانی غەززە دەگوازیتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتیش بۆ ئوردن و میسر، وتیشی، ئەگەر پابەند نەبن ئەوە هاوكاریەكانی وڵاتەكەی بۆ ئەو دوو وڵاتە رادەگرێت.