حکومەتی ئێران بڕیاریدا فشارخستنە سەر ژنان بۆ پۆشینی باڵاپۆشی کەمبکاتەوە
هەساو ئەمیر
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی رایگەیاند، حکومەتی ئێران بڕیاریداوە فشار خستنە سەر ژنان بۆ پۆشینی باڵاپۆشی کەمتر بکاتەوە.
محەمەد جەواد زەریف راوێژکاری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس رایگەیاند، ئەگەر لە شەقامەکانی تاراندا بەرێگادا بڕۆیت دەبینیت بەشێکی زۆری ژنان باڵاپۆش نین و یاساکانی باڵاپۆشی جێبەجێ ناکەن، کە ئەوە کارێکی دژ بە یاسایە، بەڵام حکومەت بڕیاریداوە چیتر فشار نەخاتە سەریان.
باسی لەوەشکرد، بڕیاری ئەوەی فشار نەخرێتە سەر ژنان بۆ باڵاپۆشی بە هەوڵی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دراوە و توانیویەتی بەرپرسەکان رازی بکات لەسەر ئەو بابەتە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش پزیشکیان باسی لە کارەکانی پۆلیسی رەوشتی ئێران کردووە و ئەوەی خستووەتە روو، کە کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسا کۆمەڵایەتییە توندەکان دەکەن.
پۆشینی باڵاپۆشی لە ئێران بە یاسا سەپێنراوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا مشتومڕ لەسەر ئەو پرسە زۆر بووە و خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ، لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵیش لە ساڵی ٢٠٢٢، ئەو پرسە وەک بۆمبێک تەقییەوە و لەماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا گەنجان و چالاکوانان بەشێوەیەکی بەرچاو دەستیان بە ئەنجامدانی چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد لەژێر ناوی 'ژن، ژیان، ئازادی'.
جگە لەوەی کوژرانی ژینا ئەمینی بووە پرسێکی جیهانیی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەدوای ئەوەشدا بزووتنەوەی جیھانیی ژن، ژیان، ئازادی سەری ھەڵدائەو و بزووتنەوەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە وەک کاندید بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ ھەڵبژێردران بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.