ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلی ناوچەیەکی گەشتیاریی تورکیا گەیشتە 76 کەس و بۆ ئەمڕۆ ماتەمینی راگەیەنراوە.

بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە، ئاگر لە هۆتێلی ناوچەیەکی گەشتیاری تایبەت بە خلیسکێنە و تەلەفریکی سەر بەفر لە پارێزگای بۆلۆ کەوتەوە و بەهۆیەوە لە سەرەتادا ئەوە راگەیەنرا، 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسی دیکە بریندار بوون.

بەهۆی بەردەوامی ئاگرەکە و تەشەنەسەندنی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکان بەرزبووەوە و بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تاوەکو ئێستا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا ژمارەی بریندارەکان راناگەیەنراوە.

عەلی یەرلی کایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەی خستووەتە روو، هێشتا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە، پرسە و سەرەخۆشی خۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری سەرجەم قوربانییەکان کرد. 

وتیشی، تاوەکو ئێستا نۆ کەس بە گومانی کردنەوەی ئاگرەکە دەستگیر کراون.