دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دەستپێكی دەستبەكاربوونیدا رایگەیاند، متمانەی بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس نییە. 

ترەمپ لە كۆشكی سپییەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە جەنگی غەززەدا بزوتنەوەی حەماس لاواز بوو، كەرتی غەززەش بووەتە ناوچەیەكی وێرانەی گەورە كە ژمارەیەكی زۆر دانیشتووانی تێدایە، بۆیە دەبێت بە شێوازێكی جیاواز نوێ بكرێتەوە.

ئاشكراشی كردووە، ئیدارەكەی هاوكار دەبێت لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی غەززەدا.

تڕەمپ نەشیشاردووەتەوە، متمانەی بە بەردەوامبوونی ئاگربەستی نێوان ئیسرایل و بزوتنەوەی حەماس نییە . 

ئەوە لەكاتێكدایە، لە رۆژی یەكشەممەوە رێككەوتنی ئاگربەستی غەززە لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە قۆناغی یەكەمیشدا حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی  لە بەرامبەر 90 دەستگیركراوی فەڵەستینیدا ئازاد كرد.