فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ئامانجی هێزەكەیان تێكەڵبوونە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا، بەبێ ئەوەی هەوڵی دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتێكی جیاواز بدەن.

مەزلوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات 'هەسەدە' رایگەیاند، ئامانجی هێزەكانیان روونە و دەیانەوێت ببنە بەشێك لە سوپای نوێی سوریا بەبێ ئەوەی بیر لە دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمانی جیاواز بکەنەوە، جەختیشی لە گرنگی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا كردەوە بۆ لێكنزیككردنەوەی تێڕوانینی لایەنە جیاوازەكان.

ئەو لێدوانەی مەزڵوم كۆبانێ لەدوای ئەوە دێت، مەرهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا رایگەیاندبوو، لەگەڵ ئەوەدان دۆسیەی هەسەدە چارەسەر بكرێت، بەڵام نابێت هەسەدە لەناو سوپای نوێی سوریا وەك هێزێكی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

وەزیری بەرگری سوریا جەختیشی لەسەر پێویستی یەكخستنی سەرجەم هێزە چەكدارەكان كردەوە بە سەركردایەتی وەزارەتی بەرگری.