بڕیارە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگربەست لە غەززە دەست پێ بکات و سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، حەماس پابەندی رێککەوتنەکە نییە.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی ١ی ٢٠٢٥، دوای ١٥ مانگ لە جەنگ، قۆناغی یەكەمی ئاگربەست لە غەززە بە ئاڵوگۆڕی ژمارەیەك بارمتە و زیندانیی دەست پێ بکات.

ئاگربەستەکە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، حەماس تاوەکو ئێستا پابەندی ئاگربەست نییە و لە هێرشەکانی بەردەوامە.

هۆشداریش دەدات، ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بن لەسەر هێرشەکانیان، ئەوانیش ئامادە نین هێرشەکانیان رابگرن.

ئەوەشی خستووەتە روو، تاوەکو ئێستا حەماس ناوی بارمتەکانی بۆ ئازادکردن رادەست نەکردووە.

لە بەرامبەریشدا حەماس باس لەوەدەکات، دواکەوتنی نوی بارمتەکان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوەیە، بەڵام هیچ باس لە هۆکاری بەردەوامی هێرشەکان ناکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئێستادا لە غەززە بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەستەوە خەڵک لەسەر شەقامەکان ئاهەنگ دەگێڕن.

رێککەوتن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەلایەن وڵاتانی نێوەندگیرەوە لە دەوحە راگەیەنرا، لە قۆناغی یەكەمیدا ١١٠ زیندانی فەڵەستینی كە سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و لە بەرامبەر ٩ زیندانی نەخۆش و برینداری ئیسرائیل لە یەك كاتدا ئازاد دەكرێن.