رۆژنامەنووسێک بۆ بایدن: گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە ئازایەتی کێ بوو؟
هەساو ئەمیر
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دوێنێ دوای ئەوەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان غەززە و ئیسرائیلی راگەیاند، لەوکاتەشدا رۆژنامەنووسێک لێی پرسی: گەیشتن بە ئاگربەست ئازایەتی کێ بوو؟.
دوای ١٥ مانگ لە جەنگی نێوان غەززە و ئیسرائیل شەوی رابردوو ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتە راگەیەنرا، ئەوەش مشتومڕی لەناو پارتە سیاسییەکانی ئەمریکادا دروستکردووە کە کێ هۆکاری گەیشتن بووە بە ئاگربەست، ئیدارەی بایدن کە تەنها چوار رۆژی ماوە؟ یانیش ئیدارەکەی ترەمپ کە لە چوار رۆژی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت؟
لەکاتی راگەیاندنی ئاگربەستی غەززەدا جۆ بایدن رایگەیاند، گەیشتن بە ئاگربەست دوای هەوڵ و ماندووبوونەکانی تیمەکەی دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا پێشنیازی ئاگربەستی کردبوو. لەکاتی ئەو قسانەدا یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان لێی پرسی: راگەیاندنی ئاگربەست ئازایەتی کێ بوو؟، بایدن بە پێکەنینەوە وتی: "ئەمە گاڵتەیە؟".
هاوکات، لە وتاری ماڵئاواییدا بایدن ئەوەی خستەروو، "لە کابینەکەی مندا تیمەکەم هەوڵی زۆریان بۆ ئەو پرسە داوە و گفتووگۆی جددیان لەسەر کردووە، جێبەجێکردنیشی بەشێوەیەکی بەرچاو دەکەوێتە سەر ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا، بۆیە داوام لە تیمەکەم کردووە بە تەواوی ئەو پرسە بۆ ئیدارەی داهاتوو رون بکەنەوە".
لە بەرامبەر ئەو قسانەی بایدنیشدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە بڕیارە لە ٢٠ی مانگدا دەستبەکار بێت رایگەیاندووە، راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە ئازایەتی ئەو بووە و دەڵێت، "ئاگربەستی غەززە بەبێ سەرکەوتنی من لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا رووی نەدەدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە ئیدارەکەم بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت و دانوستان و رێککەوتن دەکات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان".
هاوکات، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەو پرسانەوە سەرقاڵن و دەڵێن، ترەمپ کاریگەریی لەسەر ئاگربەستی غەززە دروستکردووە، بەوپێیەی لەمێژە لەرێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی ئەوە دەکات، لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی کێشەکاندا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە "جەهەنەم".