راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی رایگەیاند، ئەمریكا لە مەترسییە ئەمنییەكانی توركیا تێدەگات، بەڵام ناكرێت بیكاتە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكان.

جۆن كیربی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتۆن لە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا سەبارەت بە پاراستنی سنوورەكانی بە درێژای سوریا تێدەگات.

وتیشی، مافی تەواوی هەیە بەرگری لە وڵاتەكەی بكات لە هەر هەڕەشەك بۆ كۆتایهێنان بەو مەترسیانەش ئەمریكا بەردەوام لەگەڵ ئەو وڵاتە لە دانوستانداین.

كێربی راشیگەیاند، ئەو مەترسیانەی توركیا هەیەتی ناكرێت بیكاتە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكانی سوریا، چونكە واشنتۆن هیچ كات نایەوێت سەرنجی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە بێجگە لە شەڕی داعش بۆ هیچ شتێكی دیكە رابكێشرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تورکیا لە سنووری نێووان وڵاتەکەی و سوریادا بەردەوام لەرێگای ئەو گروپە چەکدارانەی هەیەتی لەو ناوچانە هێرشی چەکداری ئەنجامدەدات و لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی مانگی رابردووشدا، هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و هاوڵاتیی مەدەنی ئەو ناوچانەش بە ئامانج دەگرێت، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە.