میدیای ئیسرائیل: ئاگربەست لەگەڵ غەززە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
میدیای ئیسرائیلی زانیاری نوێی لەبارەی دانوستانەكان بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە ئاشكرا کرد و دەڵێت، گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی.
سەرچاوەیەك بە كەناڵ ١٢ی ئیسرائیلی وتووە، قۆناغی یەكەمی دانوستانەكانی ئاگربەستی شەڕی غەززە لە دەوحە كۆتایی هاتووە و ئەمڕۆ درێژەی دەبێت و لە دانوستانەكانیشدا بەرەوپێشچوونی گەورە بەدەستهاتوون و گەیشتوون بەوەی قۆناغی دوای ئاگربەست چۆن دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە وەفدە باڵاكەی ئیسرائیل بە نێوەندگری میسر و ئەمریكا لە دەوحە بمێننەوە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئەنجامدا و لەبارەی پێشكەوتنی دانوستانەكانی دەوحە گفتوگۆیان كرد.
لەسەر هەمان بابەتیش، جەیك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاش رایگەیاند، لایەنەكان زۆر نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگربەست.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند، هیوایان هەیە بتوانن پێش دەستبەكاربوونی ترەمپ لە ٢٠ی ئەم مانگە، رێككەوتنی ئاگربەست ئیمزا بكرێت و كۆتایی بەشەڕی غەززە بهێنرێت.
لە شەوی ٧ی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٣، کاتێک حەماس زیاتر لە پێنج هەزار موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە و لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە، کە بەهۆیەوە تەنها لە غەززەدا نزیکەی ٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزار کەسی دیکەش برینداربوون و بێماڵ بوون، جگە لە ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە.