محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و جێری سەرۆکوەزیرانی سعودیە ناسناوی کاریگەرترین کەسایەتی سەرکردەی عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بردەوە.

لە دەنگدانێکی گشتیدا بۆ دیاریکردنی کاریگەرترین کەسایەتی سەرکردەی عەرەبی، محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعودیە بە بەدەستهێنانی ١٦ هەزار و ٩٩٨ دەنگ، توانی ناسناوەکە بباتەوە. کە بەپێی رێژەی دەنگدانەکە توانیویەتی رێژەی ٥٤.٥٤٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

دەنگدانەکە لەلایەن ماڵپەڕی هەواڵیی "روسیا الیوم" رێکخرابوو بۆ ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی و جیاوازی دەنگەکانی محەمەد بن سەلمان لەگەڵ پلەی دووەمدا ١٣ هەزار و ٥٨٢ دەنگە.

ماڵپەڕەکە ئەوەی خستووەتە روو، ئەمە چوارەم ساڵە لەسەریەک لەو راپرسییەدا ئەو شازادە سعودیە لە پلەی یەکەمدا ماوەتەوە.

دەشڵێت، ئەمساڵ ژمارەی دەنگدەرەکان لە راپرسییەکەدا کەمی کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەدوای شەڕی روسیا و ئۆکرانیاوە ماڵپەڕەکەیان لە بەشێکی وڵاتەکاندا قەدەغە کراوە.