رۆژی شەممە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا لە بەغداد دەستپێدەکات و بڕیارە ماوەی دوو رۆژ بخایەنێت.

مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، رۆژی شەممەی داهاتوو ١١ی ئەم مانگە، كۆبوونەوەكانی لیژنەی هەمیشەیی تایبەت بە كاروباری سیاسی لە كۆمەڵەی پەرلەانەکانی ئاسیا لە بەغداد دەست یپێدەكات.

بەپێی راگەیەنراوەکەی مەشهەدانی، کۆبوونەوەکان بە بەشداری وەفدی ١٣ وڵات دەستپێدەکات و بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.

بڕیارە لە كۆبوونەوەكاندا چەند پرسێكی تایبەت بە كۆمەڵەکە و رەوشی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان تاوتوێ بکرێت، بەوپێەی ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵەکە "لەپێناو ئاشتی"یە.

کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا لە ساڵی ٢٠٠٦دا فراوان بوو، کە درێژکراوەی رێکخراوێکی دیکە بوو لە ساڵی ١٩٩٩ دامەزرابوو و یەکەم کۆبوونەوەیان لە ساڵی ١٩٩٩ لە بەنگلادیش ئەنجامدا.