مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئیران لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراقدا رایگەیاند، عیراق بە قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەپێداندا دەڕوات. سودانیش رایگەیاند، "نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیراندا پێویستییەکی گرنگە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئیران و لەلایەن مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.

لەدوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی کۆماری لە تارانن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسیان لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە کرد و پزیشکیان رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق باسمان لە بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە کردووە و گفتوگۆکانمان بە ئاڕاستەیەکی باشدا رۆیشتوون، عیراق هاوبەشێکی ستراتیجی ئیرانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندی هاوبەشمان هەیە لەسەر دۆخی سوریا، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان ئیران و عیراق لە باشترین دۆخیدایە و هەماهەنگی ئابووری و بازرگانی لەنێوانماندایە".

لەبارەی بوونی تیرۆریش لە ناوچەکەدا پزیشکیان ئەوەی خستە روو، "ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی شانەکانی تیرۆر وەک وەسوەسەیەک وایە بۆ ئێران و عیراق".

لەلایەکی دیکەوە محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، "لەگەڵ پزیشکیان باسمان لە چەندین بابەتی جیاوازکرد، لەناویاندا پرسی غاز و وزە، پڕۆژەی هاوبەشمان دەبێت لەگەڵ ئێراندا، بەتایبەت لە بواری هێڵی ئاسنین".

وتیشی، "دەستدریژییەکانی ئیسرائیل هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی هەرێمیی، تاکە رێگای سەقامگیری ناوچەکە راگرتنی جەنگی غەززەیە".