هەسەدە چوارەم فڕۆكەكی بێفڕۆكەوانی بەیرەقداری توركیای لە دەوروبەری بەنداوی تیشرین خستەخوارەوە.

هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، شەڕڤانان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بەیرەقداری TB2ی توركیایان لە دەوروبەری بەنداوی تیشرین لە مەنبج خستۆتەخوارەوە كە هەوڵی دەدا ئەو ناوچەیە بكاتە ئامانج.

دەشڵێت، شەڕڤانان بەردەوامن لە پێشڕەوی و تێكشكاندنی هێرشەكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكان.

بەپێی بەدواداچوونی كوردسات نیوز، ئەوە چوارەم فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری بەیرەقدارە كە لە ماوەی مانگێكدا لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە دەخرێتە خوارەوە، كە یەكێكە لە بەهێزترین و پێشكەوتوترین فڕۆكەكانی توركیا.

لای خۆیەوە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، ئەگەر هەسەدە داواكارییەكانی ئەنقەرە جێبەجێ نەكات، ئەوا ئۆپراسیۆن لەناو خاكی رۆژئاوای كوردستان دەستپێدەكەین.

فیدان بە سی ئێن ئێن توركی ڕاگەیاندووە، دەبێت ئیدارەی نوێی سوریا مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بكات، ئەگەر نا توركیا خۆی هەنگاو دەنێت.