توانا ئەمین: کوردسات دەگمەنترین کەناڵی خێزانییە کە وەک بینەرێک دەتوانیت تەماشای بکەیت
١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
نووسەر و رووناکبیر توانا ئەمین، لە ٢٥هەمین ساڵیادی دامەزراندی دەزگای میدیایی کوردساتدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی دەزگاکە دەکات و دەڵێت، کوردسات پێشەنگی سازدانی فێستیڤاڵی مۆسیقا و سینەما و کەلتوور و شانۆ و گرنگیدان بە کتێب و فەرهەنگ بووە، فریاکەوتنی کوردانی پارچەکانی تر لە کارەسات و شەڕ و بوومەلەرزە و لێقەوماندا کەمپینی کوردسات بووە.
دەقی پەیامەکە...
پیرۆزبێت یادی ٢٥ ساڵەی کوردسات
کوردسات تاکە کەناڵی کەلتوورییە ڕەسانەیەتی بەو جۆرە بپارێزێت کە بەدڵی من بێت و دەگمەنترین کەناڵی خێزانییە کە تۆ وەک بینەرێک دەتوانی لەگەڵ خوشک و برا و خزم و میوان، تەماشای بکەیت و نەترسی لەوەی دیمەنێکی نەشیاو نیشان بدات، یان بێژەرەکەی قسەیەک بکات لە ئاستی تەلەفزیۆندا نەبێت!
لەماوەی ٢٥ ساڵدا کوردسات نەیهێشتووە موهەریجێک، مۆدێلێک، لایڤچییەک، تیکتۆکچییەک، مرۆڤێکی خوانەخواست نزم و بێ کڵاس بێتە سەر شاشەکەی. جوانترین و باشترین دراما کوردییەکانی دوای ڕاپەڕین بەرهەمی خاک و کوردساتە، کوردسات پێشەنگی سازدانی فێستیڤاڵی مۆسیقا و سینەما و کەلتوور و شانۆ و گرنگیدان بە کتێب و فەرهەنگ بووە، فریاکەوتنی کوردانی پارچەکانی تر لە کارەسات و شەڕ و بوومەلەرزە و لێقەوماندا کەمپینی کوردسات بووە.
ڕەنگە سەیربێ بە لاتانەوە ئەگەر بزانن کوردسات نەک فیلم و دۆکۆمێنتاری، تەنانەت کلیپی گۆرانی ڕەت کردۆتەوە لەبەر ئەوەی بنەماکانی پاراستنی ژینگەی تێدا نەبووە. لە کوردساتەوە خوێن و جەستەی ڕووت و مەشروب و نێرگەلە و تا ڕادەیەک جگەرەش نیشان نادرێ، لە کوردساتەوە یەک چرکە ڤیدیۆیەک ناڕوات کە بۆ ئێستا و هاتووی منداڵ خراپ بێت؟!
بۆیە من کوردساتم خۆشدەوێ و لە دڵەوە پیرۆزبایی دامەزراندنی دەکەم.
توانا ئەمین