رێکخراوی زارێ پیرۆزبایی ٢٥ـەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردسات دەکات و دەڵێت، کوردسات، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، لە کاروانی ٢٥ ساڵەی تەمەنی پڕ سەروەریدا، هەمیشە وەک پردێکی پتەو، رایەڵەی پەیوەندی نێوان هونەر و بینەران بووە.

دەقی پیرۆزباییەکە

کوردسات... ماڵی هەموان

لە یادی تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کەناڵی کوردسات، ئەم ماڵە گەورەیەی کە بووەتە هێلانەی داهێنان و بەهرە و هونەر، شانازی دەکەین بە رۆڵی بێوێنەی ئەم دەزگا راگەیاندنە پێشەنگە.

کوردسات، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، لە کاروانی ٢٥ ساڵەی تەمەنی پڕ سەروەریدا، هەمیشە وەک پردێکی پتەو، رایەڵەی پەیوەندی نێوان هونەر و بینەران بووە. لەم ماوەیەدا، بە بەردەوامی خزمەتی هونەری، کلتوری و فەرهەنگی پێشکەشی کۆمەڵگەی کوردەواری کردووە و پارێزگاری لە بەها باڵاکانی نەتەوەکەمان کردووە.

شانازی دەکەین بەوەی کە کوردسات هەموو کات پاڵپشتی ئەو رێکخراو و لایەنانە بووە کە لە رێگەی کاری هونەرییەوە پەیامە مرۆییەکانیان گەیاندووە و هەوڵیان داوە ئاستی هۆشیاری تاک بەرز بکەنەوە لەسەر پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگە. ئەم پشتیوانییە بەردەوامە بووەتە هۆی ئەوەی کە کوردسات نەک تەنها وەک کەناڵێکی راگەیاندن، بەڵکو وەک سەکۆیەکی کاریگەر بۆ گەیاندنی پەیامی هونەری و رۆشنبیری خزمەت بکات.

لە یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی کوردساتدا، ئێمە لە رێکخراوی زارێوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەشی ئەو کەناڵە سەنگینە دەکەین و هیواخوازین کوردسات هەروەک هەمیشە، وەک ماڵی هەموان، درێژە بە رۆڵە پێشەنگ و کاریگەرەکەی بدات لە خزمەتی هونەر و کلتوری کوردیدا.

بە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر

رێکخراوی زارێ