قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، بەبۆنەی ٢٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردسات، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوبەر و رۆژنامەنووسان و کارمەندانی دەزگاکە دەکات و دەڵێت، " متمانەی خەڵک گەورەترین مەدالیای رێزگرتنە بۆ هەر میدیایەک و دڵنیام ئێوەش ئەم متمانە نەک هەر دەپارێزن بەڵکو قوڵتر و بەهێزتریش دەکەن"

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...

بەڕێوبەر و رۆژنامەنووسان و کارمەندانی دەزگای میدیایی کوردساتی ئەزیز

بەبۆنەی یادی بیست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی کەناڵی کوردساتەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

بەوپێیەی پێدەنێنە یۆبیلی زیوینی کارکردنتانەوە ئەرکێکی قورستر کەوتووەتە سەرشانتان و بێ گومان دوای ٢٥ ساڵ ئەزمون، ئاستی چاوەڕوانی بینەرانیش لەم سەکۆ میدیاییە سەنگینە زیاتر بووە.

هەربۆیە پێویستە لەسەر هەمان رێچکەی هەمیشەییتان کە گرنگیدانە بە پەیامی ئاشتیخوازی و نیشاندانی دەوڵەمەندی و جوانییەکانی کلتوری کوردەواری و پشتگیریکردنی دۆزی رەوای کورد بەردەوام بن و لەپاڵ ئەوەشدا پاڵپشت بە تەکنەلۆژیا و بیری نوێ داهێنانی زیاتر بکەن لە کاری میدیایی و کوردسات وەک هەمیشە لە لوتکەدا رابگڕن.

هەموولایەکمان شانازی بە کوردساتەوە دەکەین چونکە زۆر کەم میدیا هەیە دوای ٢٥ ساڵ کارکردن پێگە و رێز و متمانەی خۆی لەناو خەڵکدا پاراستبێت، متمانەی خەڵک گەورەترین مەدالیای رێزگرتنە بۆ هەر میدیایەک و دڵنیام ئێوەش ئەم متمانە نەک هەر دەپارێزن بەڵکو قوڵتر و بەهێزتریش دەکەن.

قوباد تاڵەبانی

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال