قائیمقامی سلێمانی: لەناو ئەم ژینگە میدیاییەدا کوردسات هیوایەکی گەورەیە بۆ شێوازی دروستی کاری میدیایی
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، بۆ یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردسات لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە ئاڕاستەی دەزگاکەی کردووە دەڵێت، "دەزگای میدیایی کوردسات بە درێژایی تەمەنی، میدیایەکی سەنگین و خاوەنی پرەنسیپ و ئیتیکی بەرزی کاری میدیایی بووە".
دەقی پەیامەکە...
پەیامی قائیمقامی سلێمانی بۆ یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردسات
بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی دەزگای میدیایی کوردسات بەبۆنەی یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی کوردساتی ئازیز بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەکەم و دەستی ماندوبونتان دەگوشم، لە ساڵی نوێی تەمەنی کوردساتدا ھیوای گەشانەوە و سەرکەوتن و بەرەوپێشچونی زیاتر بۆ شاشە رەنگین و سەنگینەکەی کوردسات دەخوازم.
دامەزراندنی کوردسات لەکاتی خۆیدا داھێنان و ھەنگاوێکی گەورە و کاریگەری میدیای کوردی بوو، بۆ ئیستاش لە نێو ئەم ژینگە میدیاییەدا کوردسات هیوایەکی گەورەیە بۆ شێوازی دروستی کاری میدیایی ،
دەزگای میدیایی کوردسات بە درێژایی تەمەنی، میدیایەکی سەنگین و خاوەنی پرەنسیپ و ئیتیکی بەرزی کاری میدیایی بووە و ھەمیشە پێشەنگی و پێگەو جیاوازی خۆی پاراستووە.
بایەخدانی کوردسات بە پارێزگاریکردنی لە ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەو خێزانی کورد و ھەرەھا گرنگیدانی بە ھونەر و فەرھەنگ و کلتوری کوردەواریمان بەشێکی ترە لە شانازییەکانی ئەم دامەزراوە میدیایە و کوردسات جێگەی خۆی لە نێو دڵی هەموو تاک و خێزانێکی کورددا کردووەتەوە.
لەم یادەدا پیرۆزبایی گەرمتان ئاراستە دەکەم و هیوادارم وەک هەمیشە لە پێشەنگیدا بمێننەوە.
ئاوات محەمەد
قائیمقامی سلێمانی