فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەری بەرگری و فریاکەوتن پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کوردسات دەکات
سام
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لیوا روکن رزگار جەبار محەمەد قادر فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەری بەرگری و فریاکەوتن، پیرۆزبایی ٢٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندن لە کوردسات دەکات و دەڵێت، "کوردسات وەک یەکەم کەناڵی ئاسمانی کوردی، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ڕۆڵێکی گرنگی لە گەیاندنی پەیامی نەتەوەکەمان بە جیهان گێڕاوە، ئەم کەناڵە پێشەنگە توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاو بە کولتوور، زمان و هونەری کوردی بکات و ببێتە پردی پەیوەندی نێوان کوردانی جیهان ".
دەقی پیرۆزباییەکە
بروسکەی پیرۆزبایی فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن لەساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کوردساتدا
بەڕێزان بەڕێوەبەر و میدیا کار و ڕۆژنامەنوسانی کەناڵی کوردساتی ئازیز، بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی دەمەزراندنی کەناڵە ئازیزەکەتان گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم ، مێژووی کەناڵی کوردسات، مێژووی دەنگێکی پیشەیی و باوەڕپێکراوە. لە کاتێکدا کە میدیای کوردی پێویستی بە دەنگێکی سەربەخۆ و ڕاستگۆ هەبوو، کەناڵی کوردسات ئەو ئەرکە قورسەی گرتە ئەستۆ. ئێوە نەک تەنها وەک دەزگایەکی میدیایی، بەڵکو وەک پردێک لە نێوان هەموو پارچەکانی کوردستان خزمەتتان کردووە. بوێری و پیشەییبوونتان لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، وردبینیتان لە گواستنەوەی هەواڵەکان، و دڵسۆزیتان بۆ پرسە نەتەوەییەکان، کردوونی بە دەزگایەکی جێی متمانەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
کوردسات وەک یەکەم کەناڵی ئاسمانی کوردی، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ڕۆڵێکی گرنگی لە گەیاندنی پەیامی نەتەوەکەمان بە جیهان گێڕاوە. ئەم کەناڵە پێشەنگە توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاو بە کولتوور، زمان و هونەری کوردی بکات و ببێتە پردی پەیوەندی نێوان کوردانی جیهان .
ههمشه کوردسات گرنگییەکی تایبەتی بە پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ داوە. هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەرزڕاگرتنی ناو و ناوبانگیان و گەیاندنی پەیامە گرنگەکانیان بە هاوڵاتیان ، توانیویەتی قارەمانێتی و فیداکاری پێشمەرگە بۆ نەوەی نوێ بپارێزێت. بە تایبەتی لە کاتی شەڕی داعشدا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک و پێشمەرگە ههبووه و گەیاندنی پەیامی قارەمانێتییان بە جیهان .
ساڵیادی دامەزراندنتان پیرۆزبێت هیوای زیاترتان بۆ دەخوازین لە کارەکانی ئایندەتان،هەر شاد و سەرکەوتوو بن .
لیوا رکن "ڕزگار جەبار محمد قادر"
فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەری بەرگری و فریاکەوتن
٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤