کونسوڵخانەی چین لە هەولێر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی کوردسات دەکات
هەساو ئەمیر
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
کونسوڵخانەی چین لە هەولێر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی کوردسات دەکات و رایگەیاندووە، "پیرۆزبایی ٢٥م ساڵیادی دامەزراندنی کوردسات لە دامەزراوە و کارمەندەکان دەکەین، کە یەکێکە لە تەلەفزیۆنە پێشەنگەکانی کوردستان".
لیو ژێنیۆنگ کونسوڵی چێن لە هەولێر پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی دەزگای میدیای کوردسات کردووە و رایگەیاندووە، "بەبۆنەی ٢٥م ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردساتەوە لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای باشترین بۆ سەرجەم دامەزراوەکە دەخوازم، کە یەکێکە لە تەلەفزیۆنە پێشەنگەکانی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەماوەی رابردوودا پەیوەندییەکی بەهێزی کلتوری و ئاڵوگۆڕی کلوری و گیانی هاوکاریمان دامەزراندووە، بە هاوبەشی هەردوولا پڕۆژەی هاوبەشمان دەستپێکردووە و پڕۆژەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، هەروەها بەشداریمان لە پەرەپێدانی دۆستایەتی نێوان خەڵکی چین و کوردستاندا کردووە".
ئەوەش هاتووە، "من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی بەهێزبوونی زیاتری ئەو پەیوەندیی و هاوبەشییەی نێوانمانم".
سبەینێ ١ی ١ی ٢٠٢٥، تەمەنی دەزگای میدیایی کوردسات دەبێتە ٢٥ ساڵ و ماوەی ٢٥ ساڵە ئەو دەزگایە وەک ماڵێک بۆ هەمووان، خزمەت بە کۆمەڵگەی کوردی دەکات و لە خەمی زمان و کلتور و بەها کۆمەڵایەتییەکاندایە.