قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە ماڵی مام جەلال لە قەزای دوکان پێشوازی لە ژمارەیەک پیاوماقوڵ و کەسایەتی ناسراوی عەشیرەتی ھەرکی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا قوباد تاڵەبانی بە کەسایەتییەکانی عەشیرەتی ھەرکی راگەیاند، وەکچۆن تا ئەو کاتەی مام جەلال لە ژیاندا بوو، ئەم ماڵە ماڵی ئێوە و ھەموو عەشیرەتەکانی کوردستان بوو، ئێستا و لە داھاتووشدا، ماڵی مام جەلال ماڵی خۆتانە و ئێوە لەم ماڵەدا نەک ھەر میوان نین بەڵکو خۆتان خانەخوێن.
دواتر باسی لە گرنگیی ھەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ئەمجارە لایەنێکی سیاسی ناتوانێت بە ساختەکردنی دەنگی مردوو و ئاوارەوە ھەڵبژاردن بباتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم یەکێتییەی ئێستا دوای سێ ساڵ لە خۆڕێکخستنەوە، یەکێتییەکەی چەند ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەکێتییەکی بەھێز و خاوەن بڕیار و ئیرادەیە و لە ھەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە و گۆڕینی شێوازی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی عەشیرەتەکانی کرد و رایگەیاند، "ئێمە بە وردی ئاگاداریئەو زوڵم و زۆرەین کە بەرامبەر بە عەشیرەتەکان و ھەر کەسێک دەکرێت کە وەک دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بیر ناکاتەوە".
وتیشی، یەکێتی خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری کۆمەڵانی خەڵک و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە دەزانێت و لە دوای سەرکەوتن لەم ھەڵبژاردنەدا کۆتایی بەو ستەم و جیاکارییانە دەھێنێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا ئەم ھەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵکی بادینان و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە لەڕێی دەنگدانەوە سزای ھێزی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە بدەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پیاوماقوڵ و کەسایەتییەکانی عەشیرەتی ھەرکی باسیان لەو زوڵم و ستەمانە کرد کە پارتی لەو سنوورە بەرامبەر بە عەشیرەتی ھەرکی و عەشیرەتەکانی زێباری، سورچی، رێکانی، بەرواری، شێروانی، سندی و مزوری و برادۆستی و.. دەیکات و جەختیان کردەوە لەسەر کۆتاییھێنان بەو دۆخە نالەبارەی کە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنن.