دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی بڵاوکردەوە

4کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەنجامی وردەکاریی لێکۆڵینەوەی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی بە بەڵگە ڤیدیۆیەک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەنێت، "نیاز دەرگەڵەیی لەلایەن سێ تۆمەتبارەوە تیرۆرکراوە".

دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە شەوی ١٨ی٨ی٢٠٢٣ "نیاز دەرگەڵەیی" سەردانی باخەکەی دەکات لە باشووری قەزای رانیە لە کانی قوڵکەـی سەر بە شارەدێی (بۆسکێن) کە دەکەوێتە نزیک دەریاچەکە، لەلایەن سێ تۆمەتبار چاودێری وورد دەکرێت و لە کردەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا سەعات ٨:٤٠ـی شەو لەناو باخەکەی خۆی بە چەکی جۆری دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر دەکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "تۆمەتباران ھەمان ڕۆژ سەعات ٤:٢٦ـی پاشنیوەڕۆ لە ڕێگای گوندی بێستانەی سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێگەی دێگەڵەدا، بە ئۆتۆمبێلی جۆری (تویتا ھایلۆکس ڕەنگ سپی)، بەڵام کە لە بنەڕەتدا ژمارەی ئۆتۆمبێلێکی دیکەیە و بە نایاسایی بۆ ئەم تاوانە بەکارھێنراوە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ (ف، خ، خ، ع) لە رێگای تەقتەق-کۆیە بە چیای ھەیبەت سوڵتان بەرەو رێگای ھیزۆپ و پاشان لە شارۆچکەی چوارقوڕنەوە بە ئاڕاستەی شوێنی روداوەکە دەڕۆن، تۆمەتباران بە سوود وەرگرتن لە ڕێگا لاوەکییەکان دەچنە شوێنی روداوەکە.

ئاشکراشیکرد، تۆمەتباران سەعات ٦:٣٢ـی ئێوارە لە نزیکەوە بە وردی چاودێری باخەکە دەکەن، لە وردەکاریی لێکۆڵینەوە و گرتەکانی کامێرای چاودێری دەردەکەوێت سێ تۆمەتبار لە ھەولێرەوە لە سنووری گوندی بێستانەوە خۆیان دەگەیێننە شوێنی روداوەکە و پاش دڵنیابوونەوە لەوەی نیاز دەرگەڵەیی بەتەنیایە، دوو لە تۆمەتباران بەپیادە لەبەشی پشتەوە "تەلی سیاجی" باخەکە دەبڕن و یەکێک لە تۆمەتباران دەچێتە ژوورەوە و ئەوەی دیکەیان لە دەرەوەی باخەکە چاودێری دەکات.

وتیشی، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تیمی بەڵگەی تاوان تەنھا شوێن پێی یەک تۆمەتبار پاش ئەنجامدانی تاوانەکە لەکاتی ھەڵگرتنەوەی شوێن پێیان بەدیواری باخەکەدا دەمێنێتەوە و بەچەکی جۆری دەمانچەی بێدەنگ، لەگەڵ بینینی نیاز دەرگەڵەیی لەناو ماڵەکەی پێنج گولـلە دەتەقێنێت و ٣ گولـلە بەر سەری نیاز دەرگەڵەیی دەکەوێت و دەبێتە ھۆی شەھیدبوونی و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتباران بەپیادە بەئاڕاستەی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکەیان ھەڵدێن سەعات ٨:٤٥ی شەو بەخێراییەکی زۆر شوێنی روداوەکە جێدەھێڵن و بەنزیکەی(٨٠٠)م ئۆتۆمبێلەکەیان لەباخەکەوە دوورە و بەھەمان وردەکاریی ڕێگە لاوەکییەکانی ھاتنیان ھیزۆپ-ھەیبەت سوڵتان-کۆیە خۆیان دەگەیەننە گوندی بێستانەی سنووری پارێزگای ھەولێر و دەگەڕێنەوە.

دەزگای ئاسایشی ھەرێم راشیگەیاند، بەھۆی بەردەوامی بەدواداچوونەکانی دەزگای ئاسایش ھەرێم و پاراستنی رەوتی لێکۆڵینەوە لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی رانیە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی دەرچووە و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم کەیسە بەردەوامە.