وەبەرھێنانی سلێمانی ھەواڵی کەناڵێکی مەسرور بارزانی رەتدەکاتەوە

11کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
لاوان
بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو ھەواڵانە رەتدەکاتەوە، کە لەلایەن کەناڵێکەوە بە مەبەستی ناشرینکردنی سلێمانی بڵاودەکرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن کەناڵێکەوە ھەڵمەتێک بۆ ناشرینکردنی سلێمانی دەستیپێکردووە، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ناڕاست و بێ بنەما لەبارەی پارێزگاکە. 

وەبەرھێنانی سلێمانی سەرجەم ئەو ھەواڵانەی ئەو کەناڵە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، سلێمانی لە دوو ساڵی رابردوودا بە شایەتی سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە لەسەر ئاستی پرۆژەکانی وەبەرھێنان و تێیدا ھەزاران ھەلی کار رەخسێنراوە، ئەوەش وایکردووە رێژەی ھەلی کار لە سلێمانی لە پێش پارێزگاکانی دیکەوە بێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ⁠تەنھا لە سلێمانی سێ پرۆژەی گەورەی وەبەرھێنان بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی کراوە، کە سێ سیتی گەورەن و ھەر یەکەیان نزیکەی ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، ئەمانەش بەشێکن لەو پرۆژانەی کە بە ھەوڵی قوباد تاڵەبانی جێبەجێکراون.

وەبەرھێنانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، کەرتی وەبەرھێنان گەورەترین بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە لە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و راپەڕین، ئەم راستییەش بە ھیچ و کەس و لایەنێک ناشاردرێتەوە.

ئەو رونکردنەوەیەش دوای ئەوە دێت پێشتر کەناڵێکی مەسرور بارزانی ھێرشی کردبووە سەر قوباد تاڵەبانی و سلێمانی گوایە بەڵێن بە کەمئەندامان دراوە شوقەیان بۆ دروست بکرێت، بەڵام بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە.