سەرچاوەیەک لە حکومەتی عیراق رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی بانکی ناوەندیی عیراق دووپاتکردەوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عیراق رایگەیاند، سودانی و والی ئەدیمۆ جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوە و تاوتوێی پلانی چاکسازی بانکی ناوەندیی عیراق و نەھێشتنی پارە سپیکردنەوە و پاڵپشتیکردنی گروپە تیرۆرستیەکانیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی رایگەیاندووە، عیراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیھانی ئیمزا کردووە بۆ رێکخستنەوەی کاری بانکە حکومیەکان، بانکی ناوەندیش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ئۆلیڤەری جیھانیدا کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکە تایبەتەکان و کارەکانیان لە ماوەیەکی کەمدا دەست پێدەکەن.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وتویەتی پاڵپشتی بانکی ناوەندیی و پلانی چاکسازیەکەی دەکەن و بەھەوڵی حکومەت توانراوە ئابوری کەرتی نانەوتی بەڕێژەی ٦٪ زیاد بکات.