یەکەم کاروانی کۆچبەران لە ئیتاڵیاوە رەوانەی ئەلبانیا کران

14کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
لە چوارچێوەی رێککەوتنە مشتومڕاوییەکەی ئیتاڵیا و ئەلبانیا، یەکەم کاروانی کۆچبەران لە ئیتاڵیاوە گەیشتنە ئەلبانیا.

ئەو کۆچبەرانە لە ١٦ کەس پێکھاتوون کە خەڵکی میسر و بەنگلادیشن، بە کەشتی لیبرای سەربە دەریایی ئیتاڵیا دوای گەشتێکی ٣٦ سەعاتی گەیشتنە بەندەری شینگجین لە باکوری ئەلبانیا.

دواتر ئەو کۆچبەرانە لە یەکەی نیشتەجێبوونی ئامادەکراو نیشتەجێدەکرێن، کە لەلایەن ھێزی ئەمنی ئیتاڵیاوە چاودێریدەکرێن، دواتر دەبرێنە کەمپێک کە توانای لەخۆگرتنی ٨٨٠ کەسی ھەیە و دەتوانن داواکاری مافی پەنابەرییان پێشکەشبکەن. 

دەبێت لەماوەی ٢٨ رۆژدا پێداچوونەوە بە داواکاری ئەو کۆچبەرانە تەواوبکرێت، ئەوانەشی داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە روبەڕوی دوورخستنەوە دەبنەوە. 

لەدوای ئەوەی جۆرجیا میلۆنی بووە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کە راستڕەوێکی دژە کۆچبەرە، ئیتاڵیا بووە یەکەم وڵات لە یەکێتی ئەوروپا کە کۆچبەران رەوانەی وڵاتێکی دراوسێ بکات، ئیتاڵیا و ئەلبانیا ئەو رێککەوتنەیان بە بڕی ١٧٥ ملیۆن دۆلار کردووە و ساڵانە ئیتاڵیا ٣٦ ھەزار کۆچبەر دەنێرێتە ناوەندەکانی کۆچبەران لە ئەلبانیا.  

زۆرێک لە رێکخراوە ناحکومییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، دژی ئەو رێککەوتنەن و دەڵێن یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.