بلینکن: لە ھەوڵەکانمان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی غەززە بەردەوامین

23کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کەژان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە قاھیرە لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و رایگەیاند، بەھۆی ھاوکاری میسرەوە پێشکەوتنی باش لە زۆر بواردا بەدەستھاتووە.

ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ گەیشتنی بە قاھیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر کۆبووەو باسیان لە خێراکردنی ھەوڵەکان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.

ھاوکات، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسریش کۆبووەوە و جەختیانکردەوە، لە پەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا.

راشیانگەیاند، ھەوڵەکانیان بەردەوامی ھەیە بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی غەززە، تەنھا وەستاندنی جەنگ  دەبێتە ھۆی گەرانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە قاھیرە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەو ھەوڵانەی کە ھەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بلینکن بۆ جاری دەیەمە سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات.