وەزیری دارایی ھەرێم: لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە رەوانەی بەغداد دەکەین

2024-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری دارایی ھەرێم رایگەیاند، دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە داواکارییە نوێیەکانی بەغدادەوە ھەیە و بە زووترین کات رەوانەی دەکەن.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ھەرێم لە میانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئاراکاوا میکیھیرۆ کونسوڵی ژاپۆن لە ھەرێم رایگەیاند، ھەموو ئامادەسازییەکانیان بۆ لابردنی لەمپەڕەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە کردووە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی رابردووشیان بۆ بەغداد ناردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە ھەندێک ئاستەنگی ھونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە ھەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەتی دارایی بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی وەزارەت و دەستەکان بۆ ئەوەی بەزووترین کات رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکەن.

ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تائێستا لە کۆی ٣٣ وەزارەت و دەستە و سەرۆکایەتی ھەرێم، شەش وەزارەت لیستی مووچەیان بە زمانی عەرەبی تەواونەکردووە، بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدادی بکەن.