جارێکی دیکە سکاڵای یاسایی لە دژی پێنج زیندانی پێشوی بادینان تۆماردەکرێت

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نوێنەری زیندانیانی بادینان دەڵێت، سەرەڕای ئازادنەکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و زیندانیانی دیکە، لەئێستادا پرۆسەیەکی مەترسیدار و گەڕێکی دیکە سکاڵا و سزا دژی زیندانیانی پێشووی بادینان دەستپێکردووەتەوە.


 

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە راگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی لایەنەکانی ھەرێم و نوێنەری وڵاتان و یۆنامی کردووە، ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا پرۆسەیەکی مەترسیدار و گەڕێکی دیکە سکاڵا و سزا دژی زیندانیانی پێشووی بادینان دەستیپێکردووە و سکاڵای یاسایی نوێ دژی "ئومێد بەرۆشکی، مەلا شڤان سەعید، ھاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم و دکتۆر عامر مزوری" کراوەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەی نوێ بۆ زیندانییە ئازادکراوەکانی بادینان و ئازادنەکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و زیندانیانی دیکە، ئەوانیش لەگەڵ سزادراوەکان و تیمی پارێزەران رێگای دادگای فیدڕاڵی و دادگای دیکەی دەرەوە دەگرنەبەر .

نوێنەری زیندانیانی بادینان دژی ئەو لایەنەی بە ناساییش سزای چالاکوانان دەدات، داوا دەکات ھەمووان خۆیان بە خاوەنی دۆسیەی زیندانیانی بادینان بزانن و ھەلوێستی جدی بەرامبەریان وەربگرن.