دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کوێخا دێرین دەرکرد

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە تۆمەتی داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و ھەڕەشە کردن، دەزگای ئاسایشی ھەرێم فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کوێخا دێرین دەرکرد لە شاری سلێمانی و دەست کرا بەڕووخاندنی ماڵە زیادەڕەوییەکانی.

دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دێرین  ئەحمەد لەلایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەرچوو، ئەمڕۆ ھێزێکی ئاسایش دەستیان کرد بە ڕووخاندن و تێکدانی ئەو ماڵ و خانووانەی کە تۆمەتبار بە زێدەڕەویی دروستی کردبوون.

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و ھەڕەشە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی.

ھەروەھا دادوەر بڕیاریداوە دەست بگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە بەردەم  یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە فەرمانی دێرین ئەحمەد تەقە لە ھاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کراو بریندارکرا.