وەزارەتی تەندروستی: ھیچ نەخۆشخانەیەک لە ھەولێر نەفرۆشراوە

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لەبارەی دەنگۆی فرۆشتنی نەخۆشخانەیەک رونکردنەوە دەدات، پەرلەمانتارێکی پێشووش دەڵێت، ئەگەر نەفرۆشراوە وەریبگرنەوەو تەواوی بکەن.

وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باسی فرۆشتنی نەخۆشخانەیەکی حکومییان دەکرد لە ھەولێر رونکردنەوەیکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھیچ نەخۆشخانەیەک نەک لە ھەولێر، بگرە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان نەفرۆشراوە، ھەواڵی فرۆشتنی نەخۆشخانە رەتدەکەنەوە و دوورە لە راستییەوە.

لە بەرامبەردا عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، بەبەڵگە بڵاویکردوەتەوە، نەخۆشخانەی ٣٣٠ قەرەوێڵەی ھەولێر، بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران فرۆشراوەتە کۆمپانیای ماجیک پاوەر بە قیستی ٢٠ ساڵ.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، چوار ساڵە لە رێگای داواکاری گشتیەوە بەڵگەکانی داوەبەدادگا، بەڵام دادگار کاری لەسەر نەکردووە.

وتیشی، "وەزارەتی تەندروستی رونکردنەوەی داوە کە ئەو نەخۆشخانەیە نەفرۆشراوە، ئەگەر نەفرۆشراوە فەرموو با وەری بگرنەوە و تەواوی بکەن ".