سەرکردەیەکی جەھەپە: دوای ھەڵبژاردن پرۆسەی چارەسەری کورد لە تورکیا دەستپێدەکاتەوە

2024-02-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرکردەیەکی پارتی گەلی کۆماری دەڵێت، دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ئازاری ئەمساڵدا، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەستپێدەکاتەوە.

عەلی فرات، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفیزیۆندا باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکات دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئاداری ئەمساڵدا، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ھەمواری دەستور لە تورکیا بەڕێوەبچێت. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڕێوەچوونی ژمارەیەک دیدار لە تورکیا و پێداگریی و سەرنجی گەورەی ئاکپارتی لەسەر بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئاماژەی ئەوەن دوای ھەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و دەستورێکی نوێ.

پەیوەست بەم بابەتەش سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشوتری ھەدەپە لە دوایین پەیامیدا رایگەیاندبوو، لەپێناو دیموکراسیدا پێویستە کۆبونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپاتی و جەھەپە بەردەوام بن.