دەست بە وەرگرتنی پارەی حەجی حاجیانی ھەرێم دەکرێت

2024-02-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە سبەینێ وە دەست بە وەرگرتنی پارەی حەجی حاجیانی ھەرێم دەکرێت و ھەفتەیەک بەردەوام دەبێت و پارەکە بە دیناری عێراقی وەردەگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەماھەنگییەکی باش لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی ھەبووە، پارەی حاجیانی ئەمساڵ بە دینار عێراقی وەردەگیرێت لەسەر بنەمای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٣٢ ھەزار دینار.

راشیگەیاندوە، تێچووی حەجی حاجیانی ھەرێم، ھەمان تێچووی حاجیانی عێراقە کە بۆ گەشتی ئاسمانی شەش ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دینار بۆ گەشتی وشکانی بە پاس پێنج ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دینارە.

بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە نووسینگەکانی حەج و عومڕەی راسپاردوە، لە رۆژی یەکشەممە دەست بە وەرگرتنی پارەی حاجیان بکەن کە پڕۆسەکە ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام دەبێت و لە ١٨ی ئەم مانگە کۆتایی دێت، ھەر کەسێکیش لەو ماوەیەدا پارەی حەج نەدات مافی حەجکردنی نامێنتێت.