وەفدی دانوستانکاری ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت کۆبووەوە

2023-12-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەفدی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کۆبووەوە و دەڵێت، سەبارەت بە تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵن و دەشیانەوێت لە زوترین کاتدا ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە وەفدی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی نەوت و گاز کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین کۆبوونەوەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد لەبارەی تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت کرد.

بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، وەفدی دانوستانکاری ھەرێم جەختیکردووەتەوە کە تائێستا وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ وەڵامی پێشنیازەکانی ئەوانی لەبارەی  تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت نەداوەتەوە و چاوەڕێی دوای بڕیاری بەغدادن لەم بارەیەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا باس لەو ئاڵنگاریانەش کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ھاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەھۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، وەفدەکە جەختیکردووەتەوە کە کۆمپانیاکانی نەوت بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبێت، بڕیاریش دراوە ئەو جۆرە کۆبوونەوە ھاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەش بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.