یەکێتی و یۆنامی پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان و بەستنی کۆنگرەی پێنجەمیان تاوتوێ کرد

2023-09-20   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یەکێتی و یۆنامی پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان و بەستنی کۆنگرەی پێنجەمیان تاوتوێ کرد.

رەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشوازیکرد لە کلاودیۆ کۆردۆن جێگری جینین بلاسخارت نێردەی یۆنامی لە عێراق و جێگری نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، دەیانەوێت لەنزیکەوە رای لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بزانن.

رەفعەت عەبدوڵاش راگەیاند، لە کەرکوک ھەندێک لایەن ئەجێندای دەرەکی و نەخوازراو بەرامبەر بەو شارە جێبەجێدەکەن و ئامانجیانە ھەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، لە بارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش وتی یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردندایە، بەڵام لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن تۆمارکردەوە کە ھەندێک بڕگەی لەبەرژەوەندی تەنھا یەک لایەندایە بەتایبەتی لە کورسی کۆتای پێکھاتەکاندا.

وتیشی کێشەیەکی تر پاکنەکردنەوەی لیستی دەنگدەرانە کە لەگەڵ لیستی دەنگدانی عێراق نزیکەی ٣٥٠ ھەزار ناو جیاوازی ھەیە و لەسەر ئەم پرسەش یەکێتی لەگەڵ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق  لە ھەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدادیش، رەفعەت عەبدوڵا وتی، پێشتر و ئێستاش یەکێتیی ھەمیشە پەنای بۆ گفتوگۆ بردوە بۆ چارەسەری کێشەکان، لە بارەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییش ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت لەم کۆنگرەیەدا کارەکانی ناو یەکێتی باشتر و چاکتر رێکبخەنەوە.