د.نەرمین مەعروف: لە چەند رۆژی داھاتوودا ٧٠٠ ملیار دینارەکەی عێراق دەگاتە ھەرێم

2023-09-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە لە عێراقەوە بۆ ھەرێم تەنھا رێکاری کارگێری و دارایی ماوە و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەگاتە ھەرێمی کوردستان.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە رێکارەکانی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان و تەنھا چەند رێکارێکی کارگێری و دارایی ماوە.

ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا ٧٠٠ ملیار دینارەکە لە رێگەی ھەردوو بانکی رەشید و رافیدەینەوە بخرێتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم و دواتر دەستبە دابەشکردنی بکرێت.

د.نەرمین مەعروف وتیشی، حکومەتی ھەرێم لەئێستادا لەتوانایدایە بە داھاتی ناوخۆی دوو مانگی رابردووی دەستبکات بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و ھەر کاتێکیش پارەکەی حکومەتی فیدراڵ گەیشت بەکاریبھێنێت بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنان.

 


 زۆرترین خوێندراو