وەزیری دەرەوەی عێراق بژاردەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەخاتەڕوو و دەڵێت، چاوەڕوانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان دەکەن بۆ عێراق.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر ھەناردەی نەوتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، تورکیا و عێراق لەسەر نەوتی کوردستان کێشەیان ھەیە لەنێواندا، بەڵام ھەردوولا پێداگرن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە دانووستان.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، یەکێک لە بژاردەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان، جیاکردنەوەی دۆسیەی ھەناردەی نەوتە لەرێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە لە بڕیارەکەی دادگای پاریس.
وتیشی، چاوەڕوانی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەن بۆ عێراق کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەھێزتر دەکات.
نزیکەی شەش مانگە ھەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە، تورکیا ئامادەنییە پابەندی بڕیارەکەی دادگای پاریس بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی عێراق بە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و عێراقیش سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرەبووە.