مەزھەر محەمەد ساڵح: ٨٥٪ی کرێکارانی بیانی لە عیراق بێ بەھرەن

2024-09-16   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ٨٥٪ی کرێکارانی بیانی کە لە عیراقدان، ھیچ بەھرە و توانایەکی بەسوودیان نییە.

مەزھەر محەمەد ساڵح بە رۆژنامەی "سەباح"ـی راگەیاند، کرێکارانی بیانی کە لە عیراق کار دەکەن تەنھا ١٥٪یان ھێز و بەھرەیان ھەیە و نزیکەی ٨٥٪یان سود بە عیراق ناگەیەنن و توانا و بەھرەکانیان سنووردارە، زۆرینەی ئەوانەشی گرێبەستەکانیان تەواو بووە بە شێوەی نایاسایی لە کارکردن بەردەوامن. 

وتیشی، تێچووی ئاڵوگۆڕی ساڵانە بۆ کرێکارانی بیانی لانی کەم دوو ملیار دۆلارە، چونکە کرێکاری بیانی ھەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کار دەکەن و مووچەکانیان زۆر بەرزە. 

راوێژکارەکەی سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، کێبڕکێی دەستکەوتنی ھەلی کار لەنێوان کرێکارانی بیانی و ناوخۆیی یەکێکە لەو کێشانەی عیراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت. 

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عیراق نزیکەی یەک ملیۆن کرێکارە، ٩٥٪یان نایاسایین و ٨٥٠ ھەزاریان پسپۆڕیی و توانایان سنوردارە.