سوپای ئیسرائیل ئازادکردنی دوو بارمتەی لە شاری رەفەح راگەیاند

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ئۆپراسیۆنێکی ئاڵۆزدا، سوپای ئیسرائیل ئازادکردنی دوو بارمتەی لە شاری رەفەح لە باشوری کەرتی غەززە راگەیاند.

دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ھێزە تایبەتەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکی ئاڵۆزدا توانیویانە دوو بارمتە ئازاد بکەن، کە تەمەنیان ٦٠ ساڵ و ٧٠ ساڵە و لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە رفێندرابوون.

وتیشی ماوەیەکی زۆرە ئامادەکارییان بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە کردووە و ھێشتا ١٣٤ بارمتە لە غەززە ماون. 

ئاژانسی رۆیتەرزیش لە راگەیەندراوێکی نەخۆشخانەی "شیبا"وە لە ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو بارمتەکە رەوانە نەخۆشخانە کراون و پزیشکانیش جەختیانکردووەتەوە لەوەی لە حاڵەتێکی باشدان.

لێپرسراوێکی ئەمریکیش بە تۆڕی ئێن بی سی راگەیاند، ھێشتا بۆشایی گەورە ھەیە لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل و پێویستە بەزووترین کات وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە تەواو بکرێن. 

ئاماژەی بەوەشدا، پێشکەوتنی بەرچاو ھەیە لەرێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە و رەنگە لە ماوەی ھەفتەیەکدا رابگەیەندرێت.